پیرە هەڵۆ

 

پاییزه ، دار و دەوەن بێ بەرگه
دڵ پـەشۆکـاوی خـەیاڵی مەرگـه

 

هەر گەڵایێ که له دارێ دەوەرێ
نووسراوێکه به ناخۆش خەوەرێ

 

تاو هەناوی نیه وا مات و پەشێو
لـەشی زامـاری دەکێـشـێته نـشێـو

 

رۆژپەڕه ، سارده کزەی بای زریان
کاته بۆ ژینی له دەس چوو ، گریان

 

دڵی پڕ بوو له پەژاره و له دڵۆ
ژینی خۆی هاتەوه بیر پیره هەڵۆ

 

به قسه خۆشه ، مەترسی مردن
تاڵه ئەو هەستی به مردن کردن

 

کاتی کۆچ کردنه ، وەختی سەفەره
داخەکەم، سەختی نەمانم لەبەره

هەر بینا هات ئەجەل و من مردم
با له شیوێ پەڕ و باڵی بردم

تۆ بڵێی پاشی نەمان ژینێ بێ؟
بۆ لەشی ساردەوه بوو تینێ بێ؟

تۆ بڵێی ئەو خەوه هەستانی بێ؟
یانه ئەو قافڵه وەستانی بێ؟

مەرگه دێ و دوا بە هەموو شت دێنێ
هەموو ئاواتێ له دڵ دەستێنێ

پاشەرۆکێکی بکەم لەو باخه
تاکوو باڵ و پەڕی من پەرداخه

هەر بڕۆم نابەڵەد و بێ سەر و شوێن
دیار نیه خێڵی هەڵۆیان لەکوێن

شارەزای ڕێگەیی مردن کێیه ؟
چیه ئەو مەنزڵه ، کوێنەی جێیه ؟

نابمه ڕێبواری کەلی هات و نەهات
چارەکەم بەشکوو ئەوا هات و نەهات

خۆی به خۆی گوت که دەچم بۆلای قەل
کەیخودای پیر و به بیری گەلی مەل

هه ڵفڕی ڕاوکەری زاڵی کەژ و کێو
له چیای بەرزەوه ڕووی کرده نشێو

کەوته ئەو دەشته له ترسا تەق و ڕەو
دەرپەڕی کوڕکوڕ و کڕ مایەوه کەو

هاته لای قەل بەکزی و بێ وازی
قەل گوتی: مامه هەڵۆ، ناسازی؟

گوتی قاڵاوه ڕەشەی پسپۆرم
پیرم و پێیه له لێوی گۆڕم

باخی ژینم به خەزان ژاکاوه
کاتی مەرگەو ئەجەلیش ناکاوه

پێم بڵێ، چۆنه کەتۆ هەر لاوی؟
زۆر به ساڵ پیری، بەڵام چا ماوی؟

هێزی ئەژنۆم نیه ، باڵ بێ هێزه
هەموو گیاندارێ ژیان پارێزه

قەل گوتی: باشه که گوێ ڕادێری
پەندی من پاکی به دڵ بسپێری

ئەو دەمەی بابی بەهەشتیی من مرد
دوور له تۆ ، دەرد و بەڵای ئێوەی برد

پێی گوتم ڕۆڵه هەوای ڕاز و نزار
هەیەتی دەرد و نەخۆشی به هەزار

دێق و زەردوویی و ئاهۆ و وەرهه م
به گژەی بای به قوەت دێن بەرهه م

گۆشتی کەو چەنده که تام داره به ناو
هەنگ و هاڵاوێ دەهەنوێته هەناو

تا وزەی بیر و خەیاڵ سەردەکەوی
که له گۆر کەوتی وەها دەردەکەوی

پەین و پاڵێ که له پاڵی دێ یه
مەنزڵی نۆکەری خۆتی لێ یه

کەره تۆپیو و کەلاکی گوێلک
هەڵمی دڵ روون کەرەوەی سەر گوێلک

پێکەوه چینه بکەین لەو پەینه
بۆی سەنێر مەڵهەمی بیر و زەینه

ورد بەوه چەنده به مانا قووڵه
مەسەله و گفتی قەلی ماقووڵه

بیکه سەرمەشقی ژیان ئەو ئیشه
هەر له سەر داری نەوی هەڵنیشه

هاتەوه بیری هەڵۆ رابوردووی
پاکی بۆژانەوه یادی مردووی

گوڵ کرا راخەر و پایەندازم
چەنده ئاژوا لەشی کێو ئاوازم؟

چەنده روانیومه زەوی لەو بانه ؟
کێو و دەشت لەو سەرەوه چەند جوانه ؟

چەند چکۆلەن پەلەوەر لەو بەرزه ؟
ئاخ که چەند خوێڕیگره ئەم عەرزه ؟

چەنده راوی کەو و کەوباڕم کرد ؟
دوژمنی تاقمی شمقارم کرد ؟

کۆلکەزێڕینه وەکوو تاقی زەفەر
ئاسمان بۆ منی بەست کاتی سەفەر

حەوتەوانان بوو میداڵی شەڕی من
چەنده شۆراوه به خوێن شاپەڕی من

ئێسته بۆ وا ڕەبه ن و داماوم؟
من هەڵۆ چاو له دەمی قاڵاوم

ساکه ئەو کاره وەها ساکاره
مەرگه میوانی گەدا و خونکاره

هەوری ئاسمان بێ خەڵاتم باشه
با لەشم خاشه بکێشن باشه

گوتی وا ژینی درێژ پێشکەشی خۆت
گۆشتی مردارەوه بوو هەر بەشی خۆت

ژینی کورت و به هەڵۆیی مردن
نەک پەنا بۆ قەلی ڕوو ڕەش بردن

لای هەڵۆی بەرزه فڕی بەرزه مژی
چۆن بژی شەرته نەوەک چەنده بژی

 

سواره ئیلخانی زاده


نظرات شما عزیزان:

اهورا قدمی
ساعت20:14---3 اسفند 1396
بسیار زیباست.خیلی ممنونم.عاشق این شعر مامۆستا هێمن هستم.

اهورا قدمی
ساعت20:13---3 اسفند 1396
بسیار زیباست.خیلی ممنونم.عاشق این شعر مامۆستا هێمن هستم


علی
ساعت22:19---10 بهمن 1395
خیلی زیباست

الهه (عضو کمپین بنرشاپ)
ساعت22:18---10 بهمن 1395
خیلی زیبا بود این شعر خیلی خوشم امد موفق باشی

نام :
آدرس ایمیل:
وب سایت/بلاگ :
متن پیام:
:) :( ;) :D
;)) :X :? :P
:* =(( :O };-
:B /:) =DD :S
-) :-(( :-| :-))
نظر خصوصی

 کد را وارد نمایید:

 

 

 

عکس شما

آپلود عکس دلخواه:






برچسب‌ها: پیرە هەڵۆسواره ئیلخانی زاده

تاريخ : یک شنبه 10 بهمن 1395 | 10:9 | نویسنده : kurdistan |
.: Weblog Themes By VatanSkin :.